رۆژی هەینی ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، به هاوکاری دووقۆڵیی لێژنەی شاخەوانی و ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ ڕێوڕەسمێک به مەبەستی ئاشنابوونی زیاتری بەشداربووان به شوێنەواری مێژوویی قەڵای دمدم و کارەساتی کوردقڕان لە قەڵای دمدم لە چاخی شاعەباسی سەفەویدا بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە رێپێوانێکی شاخەوانی لە پشتی گوندی کووکێ دەستی پێکرد و بە چوونەسەر قەڵای دمدم درێژەی پێدرا. پاش خواردنی فراوین لەسەر قەڵا، د. ڕەهبەر مەحموودزاده شارەزای بواری مێژووی کورد و لێکۆڵەری ئەدەبیاتی کوردی، لە وتارێکدا به وردی باسی قەڵای دمدم و شەڕی دمدم و دەسەڵاتی ئەمیرخانی لەپزێڕینی برادۆستی کرد. ناوبراو هەروەها باسی لە پرۆژەی گەڵاڵەبۆداڕێژراوی موکری قڕان کرد که هەر لەدوای کارەساتی کوردکوژی دمدم لە ناوچەی مەراغەوە دەستی پێکرد. ئەو، پەردەی لەسەر هەندەک ڕووداوی مێژوویی هەڵدایەوە و باسی نیشتەجێکردن و هاوردەکردنی هیندەک کەسی دیاریکراو لەم ناوچەیەدا و هەروەها دوورخستنەوەی کوردانی ناوچه بۆ خوراسان کرد. پاشان مراد نەزەری، بەشێکی لە وتارەکەی سەبارەت بەم کارەساتە خوێندەوە و هیندەک لایەنی باسنەکراوی ڕووداوەکەی، شی کردەوە.

قەڵای دمدم(بەرزایی ١٤٦٦ مەتر)، قەڵایەکی مێژوویییە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە ئێران لە ڕۆژاوای گۆلی ورمێ. قەڵای دمدم بەر لە ھاتنی ئیسلام بنیاد نراوە و دواتر لە ساڵی ١٦٠٩ بە دەستی ئەمیرخانی لەپزێڕین میری ناوداری برادۆست نووژەن کراوەتەوە.

مێژوو

بەگوێرەی سەرچاوەکان لە سەردەمی شا عەباسی سەفەوی شای ئێرانییەکان، قەڵای دمدم لەلایەن خانی لەپ زێڕینەوە بنیاتنراوەتەوە لەسەر بناغەی قەڵایەکی کۆنی ڕووخاودا. لە شەرەفنامەدا باس لە (قلعە داود) کراوە کە ئەوسا ١٥٩٥ز بەدەست میرانی برادۆستەوە بووە. ئێستا ئاسەواری قەڵاکە نزیکەی ١٥ کیلۆمیتر دوورە لە شاری ورمێ و لەسەر تەپۆڵکەیەک لە دۆڵی قاسملوو ھەڵکەوتووە. چیرۆکی خۆڕاگریی قەڵای دمدم لە نێو شێعری شاعیران، بەیتبێژ ڕەنگی داوەتەو و بووەتە ھەوێنی شێعری شاعیرە بەناوبانگەکان: جگەرخوین بە چەندین شیعر لەسەر خۆراگریی و قارەمانییەتیی خانی لەپزێڕین و کوردانی دمدم شیعری ھۆنیوەتەوە.

پێکھاتەی

قەڵای دمدم لە پێنج بەش پێکھاتبوو: بەشی (سەرەکی و خواروو و سلوک و ناوەند و دەروازەی ڕۆژھەڵات).

لە بەشی ڕۆژھەڵاتی قەڵاکە لە کۆتایی دۆڵەکەدا قولەیەکی زۆر بەرزی ھەیە کە بەتەواوی جڵەوی قەڵاکەی کردووە و بۆ دابینکردنی ئاو بۆ قەڵاکە لەڕێگای کۆکردنەوەی ئاوی باراناو بووە لەناو ئەستێڵدا (حەوز).

لە بەشی باکووری قەڵاکە چەند کانییەکی ئاوی لێیە کە زۆر کەمە، بەگۆڕیچە ھێنراوە بۆ ناو قەڵاکە بۆ سەر ئەستێڵێک، و قولەیەکی تێدایە لە بەشی سەرەکی و دەڕوانێت بەسەر بەشی سلوکدا.

لە بەشی باشووری قەڵاکە ئەستێڵێک دروست کراوە، لەکاتی زستاندا بەفری تیا کۆدەکرایەوەو لەکاتی بێ ئاویدا بەکار دەھێنرا.

شەڕی دمدم یان شەڕی قەڵای دمدم ئەو شەڕە بوو کە لە نێوان سەفەوییەکان و کوردانی هۆزی برادۆستی سوننەکان ڕووی دا. شەڕەکە لە تشرینی دووەمی ١٦٠٩ زایینی دەستی پێکردوە لە ھاوینی ساڵی ١٦١٠ کۆتایی ھات، بەپێی سەرچاوەکان شەڕەکە لە ناوچەی برادۆست لە دەریاچەی ورمێ ڕووی داوە، لە بەرەی کوردەکان ئەمیر خانی لەپ زێڕین سەرکردە بووە کە سەرکردایەتی ڕاپەڕینی برادۆستی کردووە، و لە دژی ئەوانیش شا عەباسی سەفەوی و حاتەم بەگ سەرکردەی بەرەی سەفەوییەکان بوون تا ئێستاش ھیچ سەرچاوەیەکی زانستی ئاماری کوژراوانی شەڕەکەی نەسەلماندووە.